د عدنان ابراهیم، بەرنامەی رحمة للعالمین، ئەلقەی ۱۲:
لەم ئەڵقەیەدا دکتۆر باسی بەڕێوەبردن و بەردەوامی پێدانی گەردوون دەکات لەلایەن خوای گەورەوە. بۆ دەرخستنی مەزنی گەردوون و لە ڕێی ئەوەشەوە مەزنی و باڵادەستیی خوای گەورە چەند زانیاریەک باس دەکات، لە خوارەوە بە كەمێک دەستکاریەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی.
محمد ملا حسن
……..
ئەنیشتاین جارێکیان وانەی پێشکەش دەکردو گوتی ئەم گەردوونە ملیۆنان مەجەڕەی تێدایه* (سەردەمی ئەو بڕوایان وابوو ملیۆنان مەجەڕە هەن، بەڵام ئێستا زانست دەری خستووە کە ملیاران مەجەڕە لە گەردووندا بوونیان هەیە). هەر مەجەڕەیەک ئەکرێ ملیاران ئەستێرەی تێدا بێت، هەر ئەستێرەیەکیش چەند هەسارەیەک بە دەوریدا دەخولێنەوە. بۆ نمونە مەجەڕەی خۆمان کە پێی دەوترێ مەجەڕەی ڕێگای کاکێشان نزیکەی ٤٠٠ ملیار ئەستێرەی تێدایە. خۆر یەکێکە لە ئەستێرە مامناوەندەکانی ئەم مەجەڕەیە. خۆریش بە بەراورد بە زەوی یەک ملیۆن و ۳٠٠ هەزار جار گەورەترە. (لخلق السماوات والارض اکبر من خلق الناس ولکن اکثر الناس لا یعلمون). یەکێک لە قوتابیەکانی لێی پرسی ئەی چۆن ئەم ئەستێرانە بەر یەک ناکەون؟! ئەویش لە وەڵامدا بزەیەکی بۆ کرد و ووتی ئەگەر بێت و ۳ مێشوولە بێنیت و یەکێکیان لە جەمسەری باکووری زەوی دانێیت و یەکێکی تریان لە هێڵی ئیستیوا و ئەوی تریشیان لە جەمسەری باشوور، ئایا ڕێی تێدەچێت ئەم مێشوولانە لە کاتی فڕیندا بەریەک بکەون؟ گوتیان مەحاڵە، ووتی دەی ئەم ئەستێرە و مەجەڕانەش بەهەمان شێوەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە گەردوون زۆر زۆر لەوە فراوانترە کە وێنای دەکەین.
زانای بەناوبانگ کارل سیگان خاوەنی بەرنامەی (گەردوون) کە کراوە بە کتێبیش (گەورەترین بەرنامەی دۆکیومێنتەری -وثائقی-ەو ۲٤٠ ملیۆن کەس تەماشایان کردووە). ئەم زانایە دەڵێت (ئەمە بۆیە باس دەکەین تا بزانین کاتێ ئەڵێین یا الله هاوار دەکەینە چ زاتێکی مەزن، کاتێک تاوانێک ئەنجام دەدەین دڵی کێمان ڕەنجاندووە!): با وای دانێین کەسێک لە هەسارەیەکی ناو یەکێک لە مەجەڕەکانی گەردووندا دەژی، ئەم کەسە بگرین و فڕێی دەینە دەرەوەی مەجەڕەکە، فڕێی دەینە بۆشایی گەردوونەوە کە بە تەواوی تاریکەو بەقەد سەرە دەرزیەک ڕوناکی تێدا نیە، زۆریش ساردە (پلەی گەرمی سفری ڕەهایە، واتە ۲۷۳ پله ژێر سفر). لەم حاڵەتەدا ئەگەری دۆزینەوەی مەجەڕەیەکی تر کە لەوێشدا بگەڕێیت و ئەستێرەیەک بدۆزیتەوە کە هەسارەی لەدەور بێت و تێیدا نیشتەجێ بیت، ئەگەری ئەمە بریتیە لە یەک لەسەر یەک ملیار ترلیۆن ترلیۆن ( واتە یەک لەسەر ۱٠ توان ۳۳ -ژمارەکە ۳۳سفری هەیە-). واتە ئەگەر خوای گەورە جارێک لەم مەجەڕەیە دەرت کات و فڕێت داتە بۆشایی گەردوون ئەوا هیچ مەجەڕەیەک نادۆزیتەوە، جارێکی دیکەیش هەروا، نەک سەد جار و هەزار و ملیار جار، بەڵکو تاوەکو یەک ملیار ترلیۆن ترلیۆن جار فڕێت دەدات ئینجا ئەگەری هەیە یەک جار لە هەموو ئەو جارانەدا مەجەڕەیەک بە سودفە بدۆزیتەوە.
……..
لە شوێنێکی تردا کارل سیگان دەڵێت: ئەگەر لە کەنار دەریایەک مشتێک خۆڵی کەنارەکە هەڵگریت ژمارەی ئەو دەنکە لمانەی کە لە ناو دەستتدان نزیکەی دە هەزار دەبێت. ژمارەی ئەستێرەکانی گەردوون (جیاوازی ئەستێرە و هەسارە بکەن) لە ژمارەی هەموو دەنکە لمەکانی تەواوی کەنار دەریاکانی جیهان زۆرترە. الا لە الخلق والامر.
……..
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی فراوانیی گەردوون با بزانین نیوەتیرەکەی چەندە؟ زانایانی فەلەک لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتوونەتە ئەوەی کە نیوەتیرەی گەردوون یەکسانە بە ۱٤گێگا فەرسەخی فەلەکی. هەر فەرسەخێکی فەلەکی یەکسانە بە ۳،۲۹ ملیار ساڵی ڕووناکی. ڕووناکی لە هەر چرکەیەکدا ۳٠٠ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، لە چرکەیەکدا ۷جار و نیو بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە. ڕووناکی لە خۆرەوە، کە نزیکەی ۱٥٠ ملیۆن کم لێمانەوە دوورە، بە ۸ خولەک دەگاتە زەوی. کەواتە ڕووناکی لە ساڵێکدا ۱٠ ترلیۆن (۱٠ ملیۆن ملیۆن) کیلۆمەتر دەبڕێت. بەم شێوەیە ئەگەر نیوەتیرەی گەردوون ۱٤ گێگا فەرسەخی فەلەکی بێت و هەر فەرسەخێک ۳،۲۹ ملیار ساڵی ڕووناکی بێت، ئەوا تیرەی گەردوون نزیکەی ۹۲ ملیار ساڵی ڕووناکیە (هەر ساڵێکی ڕووناکییش ۱٠ ترلیۆن کم). بۆ ئەوەی ڕووناکی بەو خێراییەی کە باسمان کرد لەمسەر بۆ ئەوسەری گەردوون بڕوات پێویستی بە ۹۲ ملیار ساڵە! الله اکبر!!!
…….
تێبینیی وەرگێڕ: ژمارەکانی فراوانیی گەردوون ئەگەری گۆڕانیان هەیە چونکە بە بەردەوامی مەجەڕەی نوێ دەدۆزرێنەوە.
