قانع خورشید
پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ت، پێویسته دوو هه‌ڵه‌ت بۆ ڕاست بكه‌مه‌وه، یه‌كه‌میان: وڵاتانی ئیسلامی به خوایشتی خۆیان تێكه‌ڵاوی رۆژئاوا نه‌بوون،
ڕۆژئاوا هات داگیری كردن و به چه‌ندین ڕێگه فه‌رهه‌نگی خۆی به سه‌ریاندا سه‌پاند. دووه‌م: تۆ ده‌ڵێیت: (ڕاسته ئیسلام…)، له كاتێكدا باسه‌كه‌مان باسی ژیاره, ده‌بوا گوتبات: (ڕاسته ژیاری ئیسلامی یان دنیای ئیسلام…)، چونكه ئیسلام ئایینه, بنه‌ماكانی ئایینیش شتانێكی نه‌گۆڕن, پێش و پاش تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ هه‌ر دنیایه‌كی دی‌دا گۆڕانكارییان به سه‌ردا نایه‌ت و بای زه‌مه‌ن كاریان تێناكات.
پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ت، پێویسته دوو هه‌ڵه‌ت بۆ ڕاست بكه‌مه‌وه، یه‌كه‌میان: وڵاتانی ئیسلامی به خوایشتی خۆیان تێكه‌ڵاوی رۆژئاوا نه‌بوون،
ڕۆژئاوا هات داگیری كردن و به چه‌ندین ڕێگه فه‌رهه‌نگی خۆی به سه‌ریاندا سه‌پاند. دووه‌م: تۆ ده‌ڵێیت: (ڕاسته ئیسلام…)، له كاتێكدا باسه‌كه‌مان باسی ژیاره, ده‌بوا گوتبات: (ڕاسته ژیاری ئیسلامی یان دنیای ئیسلام…)، چونكه ئیسلام ئایینه, بنه‌ماكانی ئایینیش شتانێكی نه‌گۆڕن, پێش و پاش تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ هه‌ر دنیایه‌كی دی‌دا گۆڕانكارییان به سه‌ردا نایه‌ت و بای زه‌مه‌ن كاریان تێناكات.
ئینجا بێمه سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ت. ژیاری ئیسلامی، پێش هه‌موو شتێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و بڕوابوونی ته‌واوه‌تی به جیهانی بان سروشت (میتافیزیك) بونیاد نراوه. هه‌ر بۆیه تای ته‌رازووی گرنگیدانی به لای لایه‌نی مه‌عنه‌ویدا قورستره, ئه‌وه شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته. وه‌لـێ له دنیای ئیسلامدا، به تایبه‌ت له سه‌ده زێڕینه‌كاندا _ سه‌ده‌ی یه‌كه‌م تا پێنجه‌می كۆچی_ ڕه‌وڕه‌وه‌ی ئه‌قڵگه‌راییش به ته‌نیشت باوه‌ڕه‌وه، زۆر به‌خێرایی ڕۆیشتووه. بۆ نموونه موعته‌زیله‌كان، شوێنكه‌وتووانی بزوتنه‌وه‌ی (ئیعتیزال) ئه‌قڵیان به قورسی هێنایه نێو ڕاڤه‌ی ده‌قه بنچینه‌ییه‌كانی ئایینه‌وه. ته‌نانه‌ت ڕاڤه‌ی ماهییه‌تی قورئانیشیان به ئه‌قڵ ده‌كرد, ئه‌وان ده‌یانوت مادام قورئان وته‌ی خودایه، كه‌وایه جودایه له زاتی خودا و ئه‌وه‌ش مانای وایه دروستكراوه (مخلوق) و جودایه له دروستكه‌ر (خالق).. هه‌ڵه و ڕاستیی ئه‌م ڕایه هه‌رچی بێت، لێره‌دا كارمان به‌سه‌ریه‌وه نییه، ته‌نیا وه‌ك نموونه‌یه‌ك له هه‌ژموونی ئه‌قڵگه‌رایی و هه‌ڵپه‌ی ئه‌قڵ له سه‌ده‌كانی سه‌ره‌تای شارستانه‌تیی ئیسلامی‌دا خستمانه ڕوو.
ئه‌و هه‌موو گرنگیدانه‌ی زانا موسڵمانه‌كان به زانستگه‌لی وه‌ك جه‌بر و ئه‌ندازه و كیمیا و پزیشكی, نیشانه‌ی جوڵه‌ی ئه‌قڵ نییه؟ ته‌نانه‌ت وشه‌ی (جه‌بر) كه به‌شێكه له دوو به‌شه‌كه‌ی زانستی ماتماتیك, له وشه‌ی (جابر)ه‌وه هاتووه كه (جابری كوڕی حه‌ییان)ه و یه‌كێكه له زانا دیاره‌كانی شارستانه‌تیی ئیسلامی، فه‌یله‌سووفی بریتانیایی (فرانسیس بیكۆن) (1561_1626) ده‌رباره‌ی ئیبن حه‌ییان وتویه‌تی: “جابری كوڕی حه‌ییان یه‌كه‌م كه‌سه زانستی كیمیای فێری جیهان كردبێت، ئه‌و باوكی كیمیایه”.
له‌م ڕۆژانه‌دا شتێكم به‌رچاو كه‌وت خه‌ریك بوو باوه‌ڕ نه‌كه‌م, وه‌ك ده‌زانی (أبو بكر الرازی) (864_923) پزیشكێكی دیار و زانایه‌كی بلیمه‌ت بووه, كتێبێكی هه‌یه به ناونیشانی (الحاوی فی الگب), له‌و كتێبه‌یدا له باسی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیی (مالانخۆلیا)دا _ كه ده‌توانین بڵێین هه‌ر هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشییه‌یه كه به زمانی ئێستا (شیزۆفیرینیا)ی پێده‌وترێت_ وتویه‌تی: “ده‌شێت یه‌كێك له ڕێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نه‌خۆشییه دروستكردنی گه‌شكه بێت له مێشكی نه‌خۆشه‌كه‌دا, چونكه ده‌بێته هۆی شڵه‌قاندنی مێشكی و ڕه‌نگه به‌و هۆیه‌شه‌وه باری ئه‌قڵیی نه‌خۆشه‌كه بێته‌وه جێی خۆی”. له‌وانه‌یه كه‌سێكی خۆ به‌ڕۆشنبیرزان گاڵته‌ی پێی بێت و پێی پێبكه‌نێت، وه‌لـێ ئه‌و باوه‌ڕه دوای هه‌زار ساڵ، له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌وروپادا كرا به كردار و سه‌ره‌تا (لادیسلاس ج. مادونا), كه پزیشكێكی هه‌نگاری و پسپۆڕی ده‌مار و ده‌روون بوو، له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ده‌رمانێكه‌وه به نێوی (كاردیازۆڵ) له ساڵی (1934)دا گه‌شكه‌ی له مێشكی هه‌ندێ نه‌خۆشدا به‌دیهێنا، ئه‌و به باوكی ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی دواتر ناوی (چاره‌سه‌ری گه‌شكه‌یی Convulsive Therapy) لێ‌نرا ده‌ناسرێت, دواتر و له ساڵی (1937) هه‌ردوو پزیشكی ئیتاڵیایی (پرۆفیسۆر ئیگۆ سێرلیتتی) و هاوڕێكه‌ی (لوسیۆ بینی) ده‌ستیانكرد به به‌كارهێنانی ته‌زووی كاره‌بایی به مه‌به‌ستی دروستكردنی گه‌شكه له مێشكدا، له‌بری به‌كارهێنانی ده‌رمانی (كاردیازۆڵ). ئێستا (چاره‌سه‌ر به گه‌شكه‌ی كاره‌بایی
Electroconvulsive therapy (ECT) )، له هه‌موو دنیادا به‌كاردێت و، بریتییه له به‌كارهێنانی ته‌زوویه‌كی كزی كاره‌با، به مه‌به‌ستی دروستكردنی گه‌شكه له مێشكی كه‌سی تووشبوو به هه‌ندێ له نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كاندا، له‌وانه‌ش (شیزۆفیرینیا)، ئه‌و ته‌زووه كاره‌باییه ده‌بێته هۆی ته‌كاندانی مێشك و به‌هۆیه‌وه نه‌خۆشه‌كه دێته‌وه سه‌ر خۆی. تا ئه‌مڕۆش (29/6/2013) ئه‌م ڕێگایه به یه‌كێك له ڕێگا هه‌ره كاریگه‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵێك له نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان داده‌نرێت، له ئێستادا ساڵانه ته‌نها له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا سه‌دهه‌زار كه‌س ئه‌م چاره‌سه‌ره‌یان بۆ ده‌كرێت!
ته‌نانه‌ت له بواری فه‌لسه‌فه‌شدا، زۆرێك له فه‌یله‌سووفانی ئه‌وروپا كاریگه‌ریی فه‌یله‌سوف و عاریفانی دنیای ئیسلامیان به‌سه‌ره‌وه بووه, بۆ نموونه تا ئێستاش له ماڵه‌كه‌ی دیكارتدا نوسخه‌یه‌كی كتێبی (المنقژ من الچلال)ی غه‌زالی هه‌یه, كه دیكارت به ده‌ستی خۆی خه‌تی به ژێر چه‌ندین بڕگه‌یدا هێناوه و له ته‌نیشتییه‌وه نووسیویه‌تی: ئه‌مه بۆ تیۆریاكه‌ی ئێمه به كه‌ڵكه (مه‌به‌ستی تیۆرییه گومانكارییه‌كه‌ی بووه). ئه‌كادیمیكاری میسری (جمعه العكك) سه‌ردانی ماڵی دیكارتی كردووه و كتێبه‌كه‌ی به چاوی خۆی بینیوه و ئه‌مه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه.
فه‌یله‌سووفێكی تری جیهانی ئیسلامی هه‌یه به ناوی (مو‌سا بن مه‌یموون) (1135_1204)، ڕۆژئاواییه‌كان به (مه‌یمونیدیس) ناوی ده‌به‌ن و له ئه‌ده‌بیاتی وان‌دا وا ناسراوه، فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی هۆڵه‌ندی (سپینۆزا) (1632_1677) زۆر له‌ژێر كاریگه‌ریی بیروڕاكانی ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ی دونیای ئیسلامی‌دا بووه. ئه‌وه (ئیبن روشد) پێویست به باسكردن ناكات, تا ئێستاش له ڕۆژئاوادا به یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت.
له ده‌روونناسییشدا به‌هه‌مان شێوه, له كتێبی (الروح)ی (ابن القیم الجوزیه)دا (1292_1349) بابه‌تگه‌لی ئه‌وتۆ باسكراون, مرۆڤ ده‌كه‌وێته گومانه‌وه له‌وه‌ی ئه‌و كتێبه له پێش (فرۆید)دا (1856_1939) نووسرابێت، بابه‌تی وا باس ده‌كات حه‌وسه‌د ساڵ دوای ئه‌وسا له ڕۆژئاوادا باسكراون.
ته‌نانه‌ت ئه‌قڵگه‌رایی لای هه‌ندێك له فه‌یله‌سووفانی دنیای ئیسلام گه‌یشتووه‌ته ئاستێك له پیرۆزكردن (ته‌قدیس)، ئه‌قڵیان به یه‌كه‌م و وه‌حییان به دووه‌م داناوه.
له‌وه‌ش به‌ره‌و ژوورتر، كه‌سێكی وه‌ك (ابن الراوندی) (ساڵی له‌دایكبوون و مردنی زۆر ڕوون نین، هه‌ندێك ده‌ڵێن له 210ی كۆچی له‌دایكبووه و ته‌نها چل ساڵ ژیاوه) بڕوای به بوونی خودا نه‌بووه و گاڵته‌ی به ئایین كردووه… ناشتوانین بڵێین ئه‌وان كه‌سانه سه‌ر به ژیاری ئیسلامی نین, ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به په‌یامبه‌رایه‌تی یان ته‌نانه‌ت خودا‌ش نه‌بووه. ئایا ده‌توانین بڵێین (ئیمانوێڵ كانت) سه‌ر به ژیاری ڕۆژئاوا نییه, چونكه بڕوای به‌وه‌یه “وه‌ختێ كار گه‌یشته میتافیزیك، ده‌بێت خۆمان ڕاده‌ستی ئایینی مه‌سیحی بكه‌ین”؟ ئایا (قه‌شه ئۆگه‌ستین) له چوارچێوه‌ی شارستانه‌تیی ڕۆژئاوادا حیسابی بۆ ناكرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌شه‌یه‌كی كریستیان بووه؟ ئینتیمای ژیاری دارای پانتاییه‌كی فراوانتر و پانوپۆڕتره له ئایین، نه‌ته‌وه، زمان و سنووری جوگرافی، ژیار زۆرجار بان ناوچه‌ییه (ئاخر هه‌ر ژیارێك ڕوبه‌رێكی فراوان له ناوچه‌ی جیاواز ده‌گرێته خۆ). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شارستانه‌تیی ئیسلامی زیاتر ژیارێكی (مه‌عنه‌وی_ڕوحی) یان وردتر بڵێم (فیقهی) بووه له‌وه‌ی ژیارێكی (ئه‌قڵی_زانستی) بێت، چه‌شنی ژیاری ئێستای ڕۆژئاوا.
ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌قڵگه‌رایی وه‌ك بزاوتێكی ڕێكخراو، مێژوویه‌كی سێ سه‌د ساڵی هه‌یه و به‌ر له‌وه نه‌بووه.