شەوی ڕابردو لەلایەن كەسانێكەوە ڕێگری لە ڕوماڵكردنی تیمی كەناڵی سپێدە لە مزگەوتێكی كەلاردا كرا و سەنگەر حەمید كامێرامانی كەناڵەكە پەلاماردرا و سوكایەتی و تەشهیر بەناوبراو و كەناڵی سپێدەش كرا.
بێستون ژاڵەیی بەڕێوەبەری نووسینگەی گەرمیانی كەناڵی سپێدە لەمبارەیەوە بۆ كوردیو وتی “ئەمە پێشینەیەكی مەترسیدارە كە كەسانێك بەخوڕین لە پشتی دەسەڵات وەك چەتە ڕێگری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی بكەن و ژیانی پەلاماری ڕۆژنامەنووس بدەن و سوكایەتی بە ڕۆژنامەنووس و كەناڵەكەی بكەن ” .
ژاڵەیی وتیشی “ئێمە ئەم سوكایەتیە قبوڵ ناكەین و ئەو كەسانە ئەدەینە دادگا و داواكاریشین لە هەموو سەندیكا ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی مەدەنی پشتیوانیمان بكەن”.
هاوكات ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی گەرمیان بەتوندی ئەم پەلاماردانەی سپێدەیان مەحكوم كردووە و پشتیوانیەكی بەبڵاویان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا لە نووسینگەی گەرمیانی سپێدە و تیمە پەلاماردراوەكەی كردووە ، هاوكات هەریەكە لە نووسینگەی گەرمیانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و پرۆژەی میدیایی گەڕانیش ئەم پەلامار و دەستدرێژیەیان ئیدانەكرد و پشتیوانیان بۆ نووسینگەی گەرمیانی سپێدە دەربڕی.
لەبەیاننامەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووساندا هاتووە”ئەم كارە تەواو پێچەوانەی یاسا و پێشێلكردنی ڕونی ئازادی كاری ڕۆژنامەوانیە و زۆر بە توندی ئیدانەی دەكەین و داواش دەكەین نووسینگەی كەناڵی سپێدە ڕێكاری یاسایی بگرنە بەر و ئێمەش بەئەركی خۆمانی دەزانین كە پاڵپشت و پشتیوانیان بین بۆ بەدەستهێنانی مافی تیمەكەی كەناڵی سپێدە” .
هاوكات پرۆژەی میدیایی گەڕانیش ڕێگریكردن و پەلاماردانی تیمەكەی سپێدەی ئیدانەكرد و لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند “بەتوندی ئیدانەی دەستدرێژیكردنە سەر ستافێكی نووسینگەی گەرمیانی ئەو كەناڵە دەكەین و ئەم كارە خراپەی ئەو گروپە لە مزگەوتێكی كەلار بەهەوڵێكی خراپی دەزانین بۆ سەر گواستنەوەی هەواڵ و ڕوداو و بۆنەكانی ناوچەكە و پێویستە هەرچی زووە ئەنجامدەرانی دادگایی بكرێ، “.
تۆڕی میدیایی گەڕان لەبەیاننامەكەشیدا داوا لە دەسەڵات دەكات واز لە پشتگیری كردنی گروپێكی دیاریكراو بۆ مەرامی تایبەت بێنێت